🤔چۆن پارێزگاری لە باتری ئوتومبیلەکەت ئەکەیت🔋🔋
تەمەنی باتری لە نێوان ٤ بۆ ٥ ساڵ کاردەکات، بەڵام فەرامۆشکردنی گرنگیدان بە باتری وادەکات کە زیانی پێبگات و چارجی تیادا نەمێنێت و بەرەو خراپبوون بڕوات، ئێستا ئێمە دیارترین ئەو هۆکارانە دەخەینە بەرچاو کە دەبێتە هۆی لەناوبردنی باتری بەشیێوەیەکی خێرا، هەروەها چۆنیەتی مامەڵەکردنتان لەگەڵ باتریەکانتان پیدەڵێین بۆ ئەوەی ماوەیەکی زیاتر کاربکات.
لەناو ئوتومبیلەکاندا دووجۆری باتری هەیە، باتری ئاسایی کە شلەمەنی بەکاردەهێنێت، جۆری دووەم باتریە ووشکە مۆدێرنەکانە، کە دەتوانیت پشکنین بۆ باترییە ئاساییەکان بکەیت لەڕێگەی دڵنیابوون لەبڕی ئەو ئاوەی کەتیایدایە، ئەگەر زانیت ئاوی باترییەکە کەمتر لەبڕی پێویستی تیادایە پڕی دەکەیتەوە لەئاو، لە گرنگترین ئەو هەڵانەی کە دەبنە هۆی کەمکردنەوەی تەمەنی باتری ئەوەیە ئاوی باترییەکە کەم بکات.
بەڵام باترییە ووشکەکان ئەتوانی ئاگاداری بارودۆخی بیت لەڕێگەی چاوی کریستاڵییەوە کە لەسەروی باتریەکەیە، ئەگەر ڕەنگی سەوزبوو واتە باترییەکەت بەتەواوی چارج بووە بەشێوەیەکی باش کاردەکات، ئەگەر ڕەش بوو واتە باترییەکە خراپ بووە یان پێویستی بە چاکردنەوە هەیە.
باتری زیانی پێدەگات بەکەم کارپێکردنی ئوتومبیل لەکاتی پارککردنیان بۆ ماوەیەکی زۆر، ئەم کێشەیەش ڕووبەڕووی ئەو کەسانە دەبێتەوە کە زیاتر لەیەک ئوتومبیلیان هەیە یان ئەو کەسانەی گەشت دەکەن بۆ ماوەیەکی درێژو ئوتومبیلەکانیان بەجێدەهێڵن، لەم کاتانەدا پێویستە باترییەکە دابگریت و لەلای باتریسازێک دایبنێیت بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی باش پارێزگاری لێبکات بۆت بە چارجکردنی هەموو (١٥) رۆژێک یەکجار، یان ئەگەر ناتانەوێت باترییەکە دابگرن سویچی ئوتومبیلەکە بدەن بە کەسێک باهەموو هەفتەیەک پیاسەیەکی کورتی پێبکات بەمەبەستی چارج بوونەوەی باترییەکە.
شارەزایان ڕێنمایی ئەدەن کە چەند گرنگە ڕووکەشی باترییەکە بەپاکی ڕابگیرێت و پاککردنەوەی بە پارچە قوماشێک بەمەبەستی پاراستنی لە شێ، هەروەها پاککردنەوەی هەردوو جەمسەری گەرم و ساردی باترییەکە، بێگومان پێویستە پێش پاککردنەوە هەردوو سەری باترییەکە لاببەیت (یەکەمجار سارد).
وە لەهەندێک کاتدا لەکارکەوتنی باتری دەگەڕێتەوە بۆ داینەمۆ، ئەگەر چارجی داینەمؤکە کەمتر بوو لەتوانای باترییەکە ئەوا ناتوانێت بەتەواوی چارجی بکات، لەبەرامبەردا زیاد لە ڕادەی پێویست چارجکردنەوە دەبێتە هۆی کەمی ترشەڵۆکی باترییەکە، ئەمەش هۆکارێکە بۆ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی باترییەکە کاتێک چارجی داینەمۆ زیاتر بێت و زیانێکی زۆر بە پاترییەکە دەگەیەنێت.
لەو هەڵانەی کە دەبێتە هۆی لەناوچوونی باتری و تەواو بوونی تەمەنی بەشێوەیەکی خێرا، بەکارهێنانیەتی لەکاتی وەستانی ئوتومبیلەکەدا بۆ ماوەیەکی زۆر بۆ نموونە تەماشاکردنی فیلم لەڕێگەی DVD و بەکارهێنانی سیستەمی دەنگی، لەبەرئەوەی باتری ئوتومبیل پشت بە کارلێکێکی کیمیایی دەبەستێت بۆ بەدەستهێنانی ووزە، بەکارهێنانی بەم شێوەیە وای لێدەکات ماوەیەکی کەمتر توانای کارکردنی هەبێت.
بەهەمان شێوە کێشەی کارەبایی ناو ئوتومبیل کار لە باتری ئەکات، یەکێکی تر لەوکارانەی زیان لە پاتری ئەدەن ئەوەیە کاتێک مەکینەی ئوتومبیل کارناکات شۆفێرەکەشی سوورە لەسەر کارپێکردنی و بەردەوام سولف لێبدات کە کاریگەری خراپی بۆ سەر باترییەکە ئەبێت.
بۆ پاراستنی باترییەکەت بۆ ماوەیەکی درێژ ڕێنماییمان بۆتان ئەوەیە پشکنین بۆ داینەمۆی ئوتومبیلەکانتان بکەن بۆ پیوانەکردنی تواناو چارجکردنی، بەلایەنی کەمەوە ساڵی جارێک، وە دڵنیاکردنەوە بەشێوەکەی بەردەوام لە توانای ترشەڵۆکی باترییەکە هەر وەک ئەو پشکنینە ئاساییانەی تر کەدەیکەیت بۆ نموونە (گۆڕینی ڕۆن و دڵنیاکردنەوەی لە ئاوی ساردکەرەوە).
.
No comments:
Post a Comment