چەند رێنماییەك بۆ گەرم كردنی ئۆتۆمبێل لە وەرزی سەرمادا

چەند رێنماییەك بۆ گەرم كردنی ئۆتۆمبێل لە وەرزی سەرمادا

یەکێک لەو کێشانەی روبەڕووی شۆفێر دەبێتەوە لە وەرزی سەرمادا، گەرمکردنی ئۆتۆمبێلەکانیانە لە بەیانیاندا، ئایا چی بکەم؟ چاوەڕی بکەم تا گەرمی بزوێنەرەکە ئەگات بە ئاستی ئاسایی خۆی، یان پێویست بە کات کوشتن و سەرفکردنی زیادەی بەنزین ناکات؟

گەرمکردنی بزوێنەرەکانیش بە چەند شتێکەوە پەیوەندن، وەک تازەیی و کۆنی ئۆتۆمبێلەکە و سیستمی سوتاندنی بەنزین و جۆری رۆن و پلەی گەرما و زۆری دیکەش.

ئەمەش چەند رێنمایی و زانیارییەکە لەو بارەیەوە:

– سیستمی گەیاندنی سوتەمەنی بە بزوێنەر چەند جۆرێکە، لە وڵاتی خۆمان دوو جۆریان باون، کابرێتەر و بەخاخ.

١- بزوێنەری کابرێتەر بۆ ئەوەی بە شێوەی ئاسایی و بێ بڕین و پرتە کار بکات، پێویستە بەیانیان نزیکی (١٥) خولەک گەرم بکرێت، تا دەگات بە گەرمی ئاسایی خۆی یان نزیک لێی، گەر وا نەکرێت ئەوا زیانی گەورە بە بزوێنەرەکە دەگات، چونکە بە نزین بە شێوەی یەکسان دابەش نابێت بەسەر پستۆنەکان و ئەوەش کارەکانیان تێکەڵ دەکات و دەیانشێوێنێت.

٢- بەڵام بزوێنەری بەخاخ، پێویستی بەو ماوە زۆرە نییە، ئەوپەڕی (٢) خولەک، بەڵام ئەوەش پەیوەستە بە چەند شتێکەوە:

– جۆری رۆن: ئەو ئۆتۆمبێلانەی رۆنی سوکی وەک (٥/٣٠ یان ٥/٣٥) بەکاردێنن، تەنھا (٣٠) چرکەیان پێویستە بۆ گەرمکردنی بزوێنەرەکەیان.

– ئەو ئۆتۆمبێلانەشی وا رۆنی قورس بەکادێنن وەک (١٠/٤٠ یان ٢٠/٥٠) و بەرەو ژوورتر، پێویستیان بە (٢) خولەک ھەیە بۆ گەرم بوون.

– ئۆتۆمبێلە نوێیەکان تا (١٠٠٠) کیلۆمەتری سەرەتا، پێویستیان بە گەرم کردن نابێت، دەتوانرێت دەست بەجێ بجوڵێنرێن.

– دەبێت ئەوە بزانین، گێچی حەماوەی ناو داشبۆردەکە، گەرمی بزوێنەر دەرناخات، بەڵکو پلەی گەرمی شلەی ساردکەرەوەکە پیشان دەدات، ئاو بێت یان مادەی دیکە، گەرم بوونی بزوێنەریش واتە گەرمبوونی پارچە ئاسنەکان و رۆنی ناو بزوێنەرەکە نەک ساردکەرەوەکە، رۆن و پارچەکان تەنھا (٢) خولەکیان بەسە بۆ گەرمبوون لە پلەی گەرمی (٠-١٠) پلەی سیلیزی.

– بەڵام ئەگەر کەش لەوە ساردتر بوو، یا رۆنی مەکینە خەست بوو، یان زۆر بەسەر کاتی گۆڕینەکەیا رۆشتبوو، دەبێت ماوەکە لەوە زیاتر بکەیت.

– ئەوەش لە بەرچاو بگرین، لە بەیانیانی زستاندا نابێت تا (٢) کیلۆمەتر پەستان بخەینە سەر بزوێنەر، لەو ماوەیەشدا بزوێنەر دەچێتە پلەی گەرمی ئاسایی خۆی.

بە پوختەکردنی وتەی شارەزایان و ئەندازیارانی میکانیکی ئۆتۆمبێل، دەگەین بەو ئەنجامەی، لە بەیانیانی وەرزی سەرمادا، (٢) خولەک کار بە ئۆتۆمبێلەکەت بکە، پاشان بە خێراییەکی نزم تا (٢) کیلۆمەتر بڕۆ و دڵنیابە ھیچ زیانێک بە ئۆتۆمبێلەکەت ناگات.

No comments:

Post a Comment