هەرگیز ئەم خاڵانە لە ئۆتۆمبێلەکەت فەرامۆش مەکە
لە ئێستادا ئۆتۆمبێل وەک پێداویستییەکی سەرەکی لێھاتووە بۆ ھەموو کەسێک، لەگەڵ ئەو سوودەی ھەیەتی، پێویستی بە گرنگی پێدان و چاودێری بەردەوام ھەیە تا بتوانین لە کاتی پێویستدا پشتی پێ ببەستین، لێرەدا چەند خاڵێکی پێویست دەخەینە روو تا ئاگامان لە دۆخی ئۆتۆمبێلەکەمان بێت.
سەرەتا پێویستە خشتەیەکی کاتی بۆ چەند کارێکی رۆتینی ئۆتۆمبێلەکانمان دابنێین، باشترین خشتەش مانگانەیە، یان پاش رۆشتنی (٥) ھەزار کیلۆمەتر، گومان لەوەشدا نییە تا ئۆتۆمبێلەکە کۆنتر بێت، پێویستی بە چاککردنەوە و گرنگی پێدانی زیاتر دەبێت.
⏹١- گۆڕینی رۆن: ھەرکات ھەستت کرد رەنگی رۆنی بزوێنەرەکەت رەش بووە یان لینجی نەماوە، یا بۆنی سووتاوی لێدێت، بە خێرایی بیگۆڕە، بەڵام ئەگەر کەم بوو ئەوا بەبڕی پێویست رۆنی تێ بکە، باشترین کاتیش بۆ پشکنینی رۆن، بەیانیانە پێش کارکردن بۆ ئۆتۆمبێلەکەت.
⏹٢- پێویستە ئاگاداری رۆنەکانی دیکەی وەک، رۆن ئیستۆپ، ھایدرۆلیک، پاوەر، یان سیوەیل بین، کەمێک شارەزایی بەسە بۆ زانینی ئاستی پێویست و باشی ئەو جۆرە رۆنانە، پشتگوێ خستنیان زیانی گەورەتری بەدواوە دێت.
⏹٣- ئەبێت بەردەوام ئاگاداری ئاوی رادێتەر بین کەم نەبێت، باشتر وایە ئاوی تایبەتی رادێتەری بۆ بکڕین لەگەڵ کەمێک ئەنتی فرێز بۆ وەرزی زستان، ئاوی فڵچەکانیش باشتر وایە دڵۆپێنراو بێت، ئەو ئاوەی لە سپلیتی ئاسایی ماڵانەوە دەردەچێت، باشترین جۆری ئاوە بۆ ئاوی فڵچەکان، ئەوتوانین سێ یەکی دەبەی ئاوی فڵچەکانیش بکەین بە شلەیەکی پاککەرەوەی وەک موعجیزەی شوشە سڕین. ئەگەر توانیت چێکی ئاوی باترییەکەشت بکە، ئاوی ئاسایی بەکاربێنە ئەگەر ئاوەکەی کەمی کردبوو.
⏹٤- دەبێت ھەر دوو یان سێ رۆژ جارێک بۆنیتی ئۆتۆمبێلەکەت ھەڵبدەیتەوە و چێکی وایەر و سوندە و پلاک و کەتاوت و فیوزەکان بکەیت (ئەوەی لێی دەزانیت)، ئەگەر ھەستت بە سوتان یان ئاگر یان رەشبوونەوەی وایەر و تەقینی سۆندە و جاینە و ھەر شتێکی تر کرد، بە خێرایی چاکی بکەرەوە.
⏹٥- گرنگی بە فلتەری ھەوای بزوێنەرەکە بدە و زوو زوو پاکی بکەرەوە، ئەکرێت بە پاک نەکردنەوەی ئەو فلتەرە زیان بە بزوێنەرەکەت بگات، جگە لەوەی بڕێکی زیاتر بەنزین کاردەکات و ھێزیشی لە کەمی دەدات، بە ھەمان شێوە، فلتەری تەبریدیش دەبێت پاک بکرێتەوە، زۆرینەی ئۆتۆمبێلەکانیش فاتەری تەبریدیان لە پشتی سندوقی داشبۆردەکەدایە، یان لە ژێری ئەو سندوقەدایە.
⏹٦- دەبێت بەردەوام ئاگات لە لایتی ئۆتۆمبێلەکەت بێت، گڵۆپی لایتەکان ھەرزانترین پارچەی ئۆتۆمبێلن و ھەر کات سوتان، بیانگۆڕە و پشت گوێی مەخە، بە ھەمان شێوە ماسیحەی جامی پێشەوە، ئەگەر ستۆک بووە بیگۆڕە.
⏹٧- گرنگترین خاڵیش ئەوەیە، بەردەوام تەماشای شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێلەکەت بکە، ئەگەر ھەستت بە لێچوونی رۆن یا ھایدرۆلیک یان ئاو کرد، ھۆکارەکەی بدۆزەرەوە و چارەی بکە، چونکە ھەر بزوێنەرێک رۆن یان ئاوی لێ بچێت، مانی ئەوەیە پێویستی بە چاک کردنەوەیە.
⏹٨- گرنگترین خاڵی سەلامەتیش، ئاگادار بوونە لە دۆخی تایەکان، دەبێت رۆژانە یا ئەوپەڕی دوو رۆژ جارێک تەماشایەکی تایەکانت بکەیت، کەمی یان زیادی ھەوا یا شل بوونەوەی برغوکان، مەترسی بۆ سەر سەلامەتیت دروست دەکات، پەستانی ھەوای پێویستیش بۆ تایەی زۆرینەی ئۆتۆمبێلە بچوکەکان (٣٠ تا ٣٥) پاوەن
No comments:
Post a Comment