سیستمەکانی ڕانین Runinig لە ئۆتۆمبێلە بچوکەکان، باشی و خراپییەکانی هەریەکەیان چین؟

سیستمەکانی ڕانین Runinig لە ئۆتۆمبێلە بچوکەکان، باشی و خراپییەکانی هەریەکەیان چین؟
بە شێوەیەكی گشتی، ئۆتۆمبێلە تایبەتەكان لە رووی پاڵنانەوە بە سێ‌ سیستەم كاردەكەن، راكێشانی پێشەوە و پاڵنانی دواوە (ئەكسل) و فۆر بای فۆر (دەبڵ ئەكسل)، هەر یەكێك لەو سیستمانە باشی و خراپی خۆی هەیە كە لێرەدا باسی دەكەین:
یەكەم: (Front Wheel Drive)
لەم جۆرەیاندا ئۆتۆمبێلەكە تایەكانی پێشەوەی كار دەكات و ئۆتۆمبێلەكە رادەكێشێت، زیاتر لە ئۆتۆمبێلە بچوكەكاندا بەكار دەهێنێرێت، كۆمەڵێك لایەنی باش و خراپی هەیە، لەوانەش:
باشییەكان:
-بۆ هەستان و جوڵە خێرایە و هێزی مەكینەی كەمتری دەوێت بۆ جوڵان، ئەویش لەبەر دوو هۆكار، یەكەمیان ئەوەیە كە لە رووی فیزیاییەوە راكێشانی تەنكێك ئاسانترە لە پاڵنانی، دووەمیش ئەوەیە، ئەو تایانەی كە ئۆتۆمبێلەكە دەجوڵێنن راستەوخۆ كەوتوونەتە ژێر بزوێنەرەكە و گێڕبۆكسیش بچوك و نزیكە، بەوەش بڕێكی زۆر كەم لە هێزی بزوێنەر ون دەبێت.
-بەهۆی كەم بەكارهێنانی هێز، پێویستی بەبڕێكی كەمتر بەنزین هەیە، بەوەش ئەو ئۆتۆمبێلانە ئابوری ترن.
-بۆ ناو شار زۆر گونجاون، یەكەم لە روشتندا سوكەڵەن، دووەمیش ئابورین.
خراپییەكان:
-جۆینتی زۆرە، چونكە شیشی هەڵسوڕێنەری تایەكان و پێچكردنەوە و سیستمی سەسپێنشن، واتە دەبڵ و لەوی و ئەوانی دیكە، هەموویان لە پێشەوە كۆبوونەتەوە، بەوەش ئەگەری زوو تێك چوونیان هەیە.
- توانای جێگیریان لە خێرایی زۆردا لاوازە، لەبەر ئەوەی تایەكانی پێشەوە هەڵدەسوڕێن، لە خێراییە زۆرەكاندا بە لای راست و چەپدا دەڕۆن، جگە لەوەش دابەشی كێش ناتەواوە تیایاندا، چونكە زۆرینەی كێشی ئۆتۆمبێلەكە لە پێشەوە كۆبۆتەوە، بۆیە كاتێك چەند كەسێك لە كوشنی دواوەی ئەم ئۆتۆمبێلانە دادەنیشن، شۆفێرەكە هەست دەكات ئۆتۆمبێلەكەی باشتر جادە دەگرێت و لێخوڕینی خۆشتر بووە.
- لە پێچ كردنەوەی خێرادا بە هۆی نایەكسانی هێز زۆر بە قورسی دەتوانرێت كۆنترۆڵ بكرێن، بەوەش رادەی سەلامەتییان بەراورد بە جۆرەكانی دیكە لاوازە و زۆرینەی حاڵەتەكانی وەرگەڕان و لە دەستدانی كۆنترۆڵ لەم جۆرە ئۆتۆمبێلانەدایە.
دووەم: (Rear Wheel Drive)
لەم جۆرەدا هێزی بزوێنەر بەهۆی شیشێكی ئەستور (ئەكسل) دەگات بە تایەكانی دواوە و ئەوانیش پاڵ بە ئۆتۆمبێلەكەوە دەنێن، لەم جۆرەیاندا دەبێت بزوێنەر بەهێزتر بێت بەراورد بە جۆری پێشوو تا هاوتای ئەو ببێتەوە لە دەستپێكی خێراییدا، ئەمیش باشی و خراپی خۆی هەیە، لەوانە:
باشییەكان:
- كەمتر تووشی كێشە دەبێت بەراورد بە جۆری یەكەم، لەوان توندوتۆڵترن و لە رووی تەمەنیشەوە زیاتر دەمێننەوە.
-بەهێزترن و توانای راكێشانی تەنی دیكەیان هەیە.
-جێگیرترن لەسەر جادە لە خێراییە زۆرەكانیشدا كۆنترۆڵیان ئاسانە، چونكە تایەكانی پێشەوە تەنها ئاراستە كردنیان لەسەرە و هێز لە دواوەیە.
-هەست بە دڵنیایی زیاتر ئەكرێت تیایاندا و شۆفێر هەست بە خۆشیی لێخوڕینیان دەكات.
-بەهۆی جێگیری و رادەی سەلامەتییەوە، سەرجەم ئۆتۆمبێلە راقی و گرانبەهاكان بە شێوەی پاڵنانی دواوەیی دروست دەكرێن.
خراپییەكان:
-بۆ خێراییە كەمەكان قورسن و پێویستیان بە هێزی زیاترە بۆ جوڵە.
-بەهۆی گەورەیی مەكینەكانیانەوە، زیاتر بەنزین مەسرەف دەكەن.
بە شێوەیەكی گشتی، جۆری دووەم بۆ ئیسراحەت و سەلامەتی لە جۆری یەكەم باشترە و ئەوانەش مەرجی سەرەكی ئۆتۆمبێلن، بۆیە بەرای شارەزایانی ئۆتۆمبێل، تا بتوانیت پێت بكرێت، جۆری دووەم هەڵبژێرە، گەرچی لە رووی بەنزینەوە زیاتر مەسرەف دەكەیت، بەڵام لە كۆی تەمەنی ئۆتۆمبێلەکە قازانج دەكەیت و ئۆتۆمبێلەكەت درەنگتر ماندوو دەبێت.
وەرگیراوە.

No comments:

Post a Comment